• تاریخ انتشار : پنجشنبه ۱۶ مهر ۱۴۰۵ - ۲۰:۲۰
  • کد خبر : 6116
  • چاپ خبر
یادداشت روز؛

کشانەوەی ئەمریکا لە هەولێر؛ دەرفەتێک بۆ کوردستان

کشانەوەی ئەمریکا لە هەولێر؛ دەرفەتێک بۆ کەڵک وەرگرتن لە توانا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان

بوکان‌هه‌وال/ لۆرد ئەشکرۆفت لە یادداشتێکدا لە گۆڤاری «کۆنزەرۆتیڤ هۆم»دا نووسیویەتی کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەگەرچی هەڕەشە ئاسایشییەکانی سەر هەرێمی کوردستانی زیاتر کردووە، بەڵام دەتوانێت هەولێر بەرەو بەهێزکردنی توانا ناوخۆیییەکان، بەرزکردنەوەی سەربەخۆییی لە بڕیاردان و بەرفراوانکردنی پەیوەندییە ناوچەیییەکان ببات.

ئەشکرۆفت کە بەم دوایییە سەردانی هەولێری کردووە، کشانەوەی دوا سەرباز و کەرەستەی سەربازیی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر لە ۳۰ی ئەیلوولدا، بە کۆتاییی فەرمیی کردەی «ئیرادەی پۆڵاین» لە عێراقدا زانی. ئەو نووسیویەتی ئەم کشانەوەیە لە دۆخێکدا کراوە کە هەرێمی کوردستان هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەی داعش و هێرشی درۆنی و مووشەکی دەبێتەوە.

بەگوێرەی یادداشتەکەی ئەشکرۆفت، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی وایە هەڕەشەی داعش کۆتایی نەهاتووە و ئەگەری گەڕانەوەی ئەم گرووپە—لە کەشێکدا کە درۆن بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی جەنگ—هێشتا لە ئارادایە. ئەو هەروەها ئاماژەی بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێم کرد و نووسیویەتی لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا لە شوباتی ئەمساڵەوە، زیاتر لە هەزار مووشەک و درۆن بەر هەرێمی کوردستان کەوتوون.

ئەشکرۆفت کشانەوەی سیستەمەکانی پاتریۆت و «سی-ڕام»ی ئەمریکای بە یەکێک لە دیارترین دەرئەنجامەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناو دەبات و دەڵێت: حکوومەتی هەرێم دەسەڵاتی بەسەر ئاسمانی عێراقدا نییە و ناکرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی بکڕێت؛ پرسێک کە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی خستووەتە سەر شانی بەغدا.

ئەو هەروەها نووسیویەتی سەرکردە کوردەکان لە دروستبوونی بۆشاییی ئاسایشی دوای کشانەوەی ئەمریکا نیگەرانن. مەسرور بارزانیش بە ئەشکرۆفتی گوتووە ئەزموونی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ۲۰۱۱دا نیشانی دا کە بۆشاییی دەسەڵات دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ زیادبوونی هەژموونی ئێران.

لەگەڵ هەبوونی ئەم نیگەرانییانەدا، ئەشکرۆفت پێی وایە هەرێمی کوردستان ناچارە زیاتر لە ڕابردوو پشتبەستن بە توانا ناوخۆیییەکان و توانستی خۆی بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دروست بکات. ئەو ئاماژەی بە چاکسازیی چەند ساڵەی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دروستکردنی پێکهاتەیەکی فەرماندەییی یەکگرتوو بۆ هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، و ئەمی بە بەشێک لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی ئاسایشیی هەرێم زانی.

بە ڕای ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا، بەرزکردنەوەی توانا ناوخۆیییەکان تەنیا بە بوارە سەربازییەکەوە بەستراو نییە و هەرێم دەتوانێت لە ڕێگەی بەرفراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، بڕیاردانی سەربەخۆیانەی خۆی زیاتر بکات. ئەو، تورکیا و سوریای لەم بوارەدا بە گرنگ زانی و ئاماژەی بە ڕەوتی ئاشتیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق کرد.

ئەشکرۆفت نووسیویەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی کردارگەرایی و بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم کردووەتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، زیادبوونی ڕۆڵی تورکیا لە هاوکێشە ئاسایشییەکانی ناوچەکەدا دەتوانێت لە داهاتوودا پێگەی ئەنقەرە وەک یەکێک لە هاوبەشە ئاسایشییە گرنگەکانی هەرێم بەهێز بکات.

ئەشکرۆفت لە کۆتاییدا نووسیویەتی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لە دۆخی ئێستادا هێشتا دەستنەکەوتووە، بەڵام کشانەوەی ئەمریکا دەتوانێت هەولێر بەرەو زیادکردنی «سەربەخۆیی لە بڕیارداندا» ببات. ئەو پێی وایە هەرێمی کوردستان توانا، ئەزموون و ئیرادەی پێویستی بۆ بەهێزکردنی توانستەکانی خۆی هەیە و دەتوانێت لە شوێنی پشتبەستنی ڕەها بە پشتیوانیی دەرەکی، ئەم دەرفەتە بۆ بەرزکردنەوەی توانای ناوخۆیی و پاراستنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەکار بهێنێت.

لینک کوتاه

برچسب ها

ناموجود
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰
  • نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.

پنج + 5 =